1556 کەسن

پیشەگەرانی مین داوای مافەکانیان دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پیشەگەرانی مین داوا دەکەن بکرێن بە کارمەندی هەمیشەیی، جگە لەوەش داوا دەکەن شەهیدەکانیان بکرێن بە شەهیدی سەنگەر و کەمئەندامەکانیشیان مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.

دەزگاکە 700 کارمەندی گرێبەستی هەیە، بەڵام بەوانەوە کە لەگەڵ رێکخراوەکانی مینهەڵگرەوە کاردەکەن 1556 کەسن، لەو ژمارەیە 500 کەسیان پێویستیان بە خانەنشینییە و 36 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ 76 کەمئەندام.

لە ساڵی 2020ـەوە پڕۆژەیاسایەکیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان بۆ جێگیرکردنی مافەکانیان، بەڵام تا ئێستا کاری لەسەر نەکراوە.

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە 964ی راگەیاند، ئەو کارمەندانەی گرێبەستن چارەنووسیان دیارنییە و بە پێویستیشی دەزانێت مافەکانیان پارێزراو بێت.

“کارمەندەکان هەموو تەمەنی خۆیان بەو کارە بەخشیوە، بەڵام کە کەمئەندام دەبن یان کاتی خانەنشینیان دێت هیچ مافێکیان نییە یان ترسمان هەیە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی یاسای چاکسازییەوە لە لیستی شەهیدانی سەنگەر دەربهێندرێن”، ئەوەش وتەی جەبار مستەفایە.