دوو ملیار و 182 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە
10 ساڵە رێگای چەمچەماڵ – سلێمانی رووناک نەکراوەتەوە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
بە درێژایی ئەو رێگەیەی کە لە بازگەی بانی مەقان دەردەچێت تاوەکو دەرچوون لە قەزای چەمچەماڵ و دواتر گەیشتن بە تاسڵوجە لە نزیک پارێزگای سلێمانی، هیچ رووناککەرەوەیەکی لێنیە.
لە ساڵی 2014ـەوە بەردی بناغەی پرۆژەی رووناککردنەوەی ئەو رێگایە دانراوە، وا بڕیار بوو لە خوارووی بازگەی بانی مەقان، تاوەکو دەرچوون لە قەزاکە رووناک بکرێتەوە، بەڵام لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری تورکی بەناوی کۆمپانیای جیهانگیر پرۆژەکە جێهێڵدراوە.
دەبوایە پرۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی، بە بڕی دوو ملیار و 182 ملیۆن دینار جێبەجێبکرایە.
ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ بە 964ی وت، “کۆمپانیای جێبەجێکار توانای تەواوکردنی پرۆژەکەی نەبوو، و زۆر خاو بوو لە بەجێگەیاندنی و دواتر بەتەواو نەکراوی بەجێیهێشت”.
وا بڕیارە ئەو پرۆژەیە لەو کۆمپانیا تورکیە وەربگیرێتەوە و بدرێت بە کۆمپانیایەکی دیکە، ئەمە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە و تەنیا رێکارە یاساییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ماوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەرخستەی بۆ دەربکرێتەوە و بدرێت بە کۆمپانیایەکی دیکە.
عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ی وت “زۆر گرنگە رووناککەرەوە لە گشت شەقامەکانی سنوری چەمچەماڵ دابنرێت، خۆشبەختانە لە جوتسایدی ناحیەی شۆڕش بۆ ناوەندی قەزای چەمچەماڵ روناککەرەوەی لێیە، بەڵام لە خوارووی بازگەی بانی مەقان تاوەکو تاسڵوجە هیچ رووناککەرەوەیەکمان نییە”.
بەهۆی تاریکی و خراپی رێگاکە و تیژڕەوی شۆفێران، تەنیا لەماوەی پێنج مانگدا 16 رووداوی هاتوچۆی جیاواز لەنێوان چەمچەماڵ بۆ بانی مەقان روویداوە و پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەس برینداربوون.
بازگەی بانی مەقان بە دەروازەی هاتنی گەشتیاران و هاوڵاتیان بۆ پارێزگای سلێمانی دەناسرێت، رۆژانە هەزاران هاوڵاتی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بەم دەروازەیەدا دێن و سەردانی هەرێم دەکەن.