شاری قەڵادزێ خانووەکانی گران بوون
قەڵادزێ.. نرخی خانوو بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
نرخی خانوو لە چەند گەڕەکێکی قەڵادزێ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و ٣٠٠ هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت، خاوەن نووسینگەیەکیش دەڵێ؛ خانوو هەیە ٢٠ هەزار دۆلاری گران بووە.
خانووبەرەش هۆکارەکەی بۆ نەخشەی نوێی خانوو و گەڕەکە نوێکان دەگەڕێننەوە.
+964 لە زاری خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرەوە لە شاری قەڵادزێ دەزانێت، گەڕەکەکانی کارەبا و ئاشتی دوو لە گرانترین گەڕەکەکانی شارەکەن بۆ کڕینی خانوو، کە خانووێکی ٢٠٠ مەتری نرخەکەی لەنێوان ٢٥٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار دۆلارە.
سامان پشدەری، خاوەنی نووسینگەی پەڵە لە قەڵادزێ بە +964 وت؛ ئەو گەڕەکانەی نزیک بازاڕن نرخی خانووەکانیان بەردەوام بەرز دەبێتەوە، گەڕەکە نوێیەکانیش کە بە شێوەی ئەندازەیی رێکوپێک دروست دەکرێن و نەخشەی خانووەکانیشان سەردەمیانە، نرخیان لە بەرزبوونەوە دایە.
شاری قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە، سەر بە پارێزگای سلێمانییە و نزیکە ١٣٤ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس دەبێت، شەش ناحیە و ٢٨٤ گوندی بەسەرەوەیە.
قەڵادزێ، لە رۆژھەڵاتییەوە ھاوسنووری رۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی سەردەشت و میراوەیە، لە رۆژاوەوە رانیەی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، لە باکورەوە ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمانەو لە باشووریەوە ناحیەی بنگردە و ناوچەی مەرگە و قەزای ماوەتە.
سامان پشدەری دەشڵێت، لە دوو ساڵی رابردوودا بە گشتی لە شاری قەڵادزێ هەموو خانووێک لە هەموو گەڕەکەکانی قەڵادزێ پێنج هەزار دۆلار بەرز بوونەتەوە، لە هەندێ گەڕەکی وەک کارەبا و ئاشتی ٢٠ هەزار دۆلار نرخی خانووەکانیان بەرز بوونەتەوە.