سایلۆی سلێمانی بۆ جووتیاران: لەو بڕە گەنمەی بۆتان دیاریکراوە زیاتر مەهێنن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

سایلۆی سلێمانی داوا لە جووتیاران دەکات تەنیا بەهێندەی ئەو بڕە گەنم رادەست بکەن کە لە بەشە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانیانەوە بۆیان دیاریکراوە، دەڵێت، ئەگەر وا نەکەن قەرەباڵغی دروست دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی، سایلۆی سلێمانی لە فەیسبووک ئاگادرییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرنی گەنم بە باشی بەڕێوەبچێت و نەبێتە هۆی خاوبوونەوە، داواکارین لەو جووتیارانەی کە بەنیازن گەنم رادەست بە سایلۆکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بکەن، با گەنمەکانیان بەقەد ئەو بڕە بیت کە لە بەشە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانیانەوە بۆیان دیاریکراوە.

بڕی 40 ملیار دینار بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێم تەرخانکراوە و حکومەت هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرێت.

ئەم هەفتەیە، حکومەتی عێراق پشکی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ هەرێم زیادکرد و لە 375 هەزار تۆنەوە کردی بە 500 هەزار تۆن.

جگە لەوە، بەغدا بڕیاریشیداوە رێگریی نەکات لە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمدا بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.