وەرزی گەرما هیچ خێرێکی بۆ سەوزایی دەربەندیخان نیە

964+

هونەر فارس – دەربەندیخان

باخچەکانی دەربەندیخان سیستمی ئاودێرییان نیە و بە تانکەر ئاودەدرێن، بەهۆی خراپ بونی تانکەرەکانی شارەوانیشەوە لە هاویندا گرفتی ئاودانیان بۆ دروستدەبێت.

شارەوانی دەربەندیخان، نزیکەی 25 کم سەوزای ناوەندی شەقام و 54 پارک لەخۆدەگرێت کە سەرجەمیان پشت بە ئاودان دەبەستن، بەڵام بەهۆی خراپی تانکەرەکانی شارەوانیەوە لە هاویندا رووبەڕووی قەیرانی ئاودان دەبنەوە.

“تانکەرەکانی شارەوانی لە پێنج تانکەر پێکهاتون، دوانیان بە تەواوەتی لەکارکەوتوون و ئەوانی دیکەش گرفتی سوتەمەنیان هەیە و بەهۆی هیلاکییەوە هەر رۆژە و شوێنێکیان خراپ دەبێت”، ئەمەش بە وتەی عوسمان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی قەزای دەربەندیخان کە بە 964ی وتووە.

سەرۆکی شارەوانی ئەو قەزایە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستاوە باخچە و بلوارەکان پێویستیان بە ئاودانە و هەرچۆنێکبێت خۆیان لەگەڵ گونجاندووە، بەڵام لە مانگەکانی داهاتودا کە پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە رووبەڕووی قەیرانی زیاتری ئاودان دەبنەوە.

قەزای دەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوی گەورەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی سیستمی ئاودێریەوە نەتواندراوە بۆ پارک و بلوارەکانی قەزاکە سودی ئەوتۆ لەو بەنداوانە ببینرێت، بۆیە بە ناچاری دەبێت لە رێگەی تانکەرەوە لە وشکبون بپارێزرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی