قایمقامیەتی سلێمانی چاودێری زیاتری گۆشتفرۆشەكان دەكات

+964
كوردستان ئەحمەد

بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی تای خوێن بەربون، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێریکردنی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن چڕ دەکاتەوە و داوایەکیش ئاراستەی هاوڵاتیان دەکەن.

فریاد عوسمان نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لەسەرهەڵنەدان و مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی پەتای خوێن بەربون، لیژنەکان چاودێریکردنی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن چڕ دەکاتەوە و هەر شوێنێک گۆشتی بێ مۆری هەبێت دادەخرێت و لە رێگەی دادوەری لێکۆڵینەوەی یەکی سلێمانییەوە روبەڕوی دادگا دەکرێتەوە.

وتیشی؛ بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پەتای خوێن بەربون لە سلێمانی تۆمار نەکراوە، بۆیە لیژنە هاوبەشەکانیش هەموو رێکارەکان دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە تۆمارکردن و بڵاوبونەوەی.

بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی دەڵێت، لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆتان و خێزانەکانتان، لە ماڵەکانی خۆتان ئاژەڵ سەرمەبڕن و گۆشتێک مەخۆن لەلایەن سەربڕخانەوە مۆر نەکرابێت هەروەها لەسەر شەقامەکان گۆشتی بێ مۆر مەکڕن، با زیان بە تەندروستیتان نەگەیەنێت.

پێویستە هاوڵاتیان بە وریاییەکی زیاترەوە گۆشت بکڕن، لەهەر دوکانێکی گۆشتفرۆشتن یان لەسەر شەقامەکان گۆشتی بێ مۆرتان بینی قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی بە هەمومانەوە لەخەمی تەندوستی گشتیدابین، فریاد عوسمان وای وت.

هەركەسێك گومانی لە هەبوونی گۆشتی بێمۆر هەیە، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بكات 07708677777 بۆ ئەوەی لیژنەكان چاودێری شوێنەكە بكەن.

ئەم زانیاریانە لە پەیجی فەڕمی قایمقامیەتی سلێمانی وەرگیراوە.