مەترسیدارە.. پێش جەژنی قوربان ئاگاداری خۆتان بن

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی دەڵێت ئاممان نەکەن بۆ جەژنی قوربان لەسەر شەقام و لە ماڵەوە ئاژەڵ سەرببڕن، چونکە مەترسی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هەیە.

د. شاڵاو عارف بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی لە ناو کوشتارگەکەوە قسە بۆ پەیامنێری 964 دەکات و دەڵێت ”بەس مانگی رابردوو نۆ هەزار کیلۆ گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش لە کوشتارگەکە رەتکراوەتەوەو بەشێوەی زانستی لە ناوبراون، هەر ئاژەڵێکیش گەنەی هەڵگری تای خوێنبەربوونی پێوە بێت و گومانی لەسەربێت رەتی دەکەنەوە”.

د. شاڵاو زۆر خەمی ئەوەیەتی خەڵک لە دەرەوە ئاژەڵ سەرببڕن یان گۆشتی مۆڵەتنەدراو بکڕن، لە قسەکانیشیدا زیاد لە جارێک باسی قوربانییەکانی پێش جەژنی قوربان دەکات و دەڵێت ”تکا دەکەم تەنیا لە کوشتارگە رێپێدراوەکان ئاژەڵ سەرببڕن، تای خوێن بەربوون هەیە و لەم وەرزی گەرمایە مەترسییەکەی زیاترە”.

بووە بە نەریت ساڵانە بۆ جەژنی قوربان وەک خێر و قوربانی خەڵک ئاژەڵی گەورە و بچووک سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەبەخشنەوە، دەزگا تەندروستییەکان دەڵێن قوربانی خۆتان بکەن، بەڵام لە کوشتارگەی مۆڵەتپێدراو ئاژەڵەکە سەرببڕن.

لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق تای خوێنبەربوون بەربڵاوە، لە پارێزگای هەولێریش تائێستا دوو حاڵەتی یەکلاکەرەوە تۆمارکراوە کە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.

د. شاڵاو عارف بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی دەڵێت ئەوان لای خۆیانەوە حیسابی زۆریان بۆ ئەم نەخۆشییە کردووە، هەموو ئەو ئاژەڵانەی دەچنە کوشتارگە باش باش پشکنینیان بۆ دەکرێت و زوو زوو کوشتارگەکە بە کلۆر و دەرمانی تایبەت دەڕشێنن و ئاگایان لە کارمەندەکانیشیانە و پشکنینیان بۆ دەکەن.

د. شاڵاو دەڵێت ”نەخۆشییەکە مەترسیدارە، بەڵام خەڵکی دڵنیا دەکەمەوە رێگاکانی خۆپاراستن ئاسانترە وەک لە چارەسەرکردن، بۆیە ئاگاتان لە خۆتان بێت”.

تای خوێبەربوون، جۆرێک نەخۆشیی ڤایرۆسییە، بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە رێگەی مێشولەوە کە هەڵگری ئەو جۆرە نەخۆشییەیە، بە چەند رێگەیەک بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

سەرەتای نەخۆشییەکە بە ئازاری جومگەکان دەستپێدەکات، دواتر کێشەی کەمبوونەوەی خوێنی بۆ دروست دەبێت بە هۆی خوێنبەربوونی ناوەوە و بێهێزی و چه‌ند نیشانه‌یه‌كی دیكه‌.

ئەم دوو ساڵەی دوایی لە عێراق زیاتر بڵاوبووەتەوە، بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە لە کاتی کۆرۆنا و کەرەنتینە دەزگا تەندروستی و کشتوکاڵییەکان نەیان پەرژاوە گەوڕ و شوێنی ئاژەڵان بە دەرمانی قڕکەری مێرووی نەخۆشییەکە بڕشێنن، بۆیە زیاتر لە جاران چالاک بوون. ئەمە د. شاڵاو وا دەڵێت.