وریابن سبەی دەستپێدەکات

ھاتوچۆی سلێمانی: لە کاتژمێر 8:00وە سزای کامێراکانی دوکان تۆمار دەکەین

964+

ئەحمەد مستەفا- سلێمانی

ھاتوچۆی سلێمانی لە کاتژمێر 8:00 بەیانیی سبەینێ دووشەممە لە 24کامێراوە، سزای تیژرەویی لە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ تۆمار دەکات.

ماوەی یەک ھەفتەیە کامێراکان لە ناحیەی تاسڵوجە بۆ قەزای دوکان کار دەکەن، بەڵام ھیچ سزایەکیان بۆ شۆفێران تۆمارنەکردووە، تەنانەت ئەگەر لە سەرووی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکیشدا رۆیشتبن.

رائید بەھمەن عەبدوڵلا، وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28.5.2023 بە 964ی وت، “تیمە تەکنیکییەکان کارەکانی سیانە و تاقیکردنەوەی کامێراکان ئەمڕۆ کۆتایی پێدێنن و لە کاتژمێر 8:00ی سبەینێ دووشەممە سەرپێچییەکان لەسەر شۆفێران تۆمار دەکەین”.

بە وتەی بەھمەن عەبدوڵا لەھەر سایدێکی شەقامەکە 12 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیرکراون، شۆفێر نابێت خێرایی رۆیشتنی لە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بێت ئەگەر بیەوێت بێ سزا دەربازی ببێت.

وتەبێژەکەی ھاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی وت، لە نێوان 70 ھەزار بۆ 250 ھەزار دینار سزای سەرپێچییەکانە، ئەوەش بە پێی خێرایی ئەو شۆفێرەی سەرپێچییەکەی تۆمار کردووە.

ھاتوچۆی سلێمانی لە کاتی بوونی ھەر مامەڵەیەک بڕە پارەکە لە شۆفێری سەرپێچیکار وەردەگرێت، ئەگەر ئۆتۆمبیلەکەی تۆمار و ژمارە بوو، ئەو ئۆتۆمبیلانەشی بێ تابلۆ و بێ سەرەتان بە وەسڵێک سەرپێچییەکەیان لەسەر ھەژمار دەکات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا