5 خوێندکاریان لە نەخۆشخانەن
هۆکاری ژەهراویبوونی 30 خوێندکارەکە ئاشکرا بوو
964+
پەیامنێرانی سلێمانی
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان هۆکاری ژەهراویبوونی ئەو 30 خوێندکارەی پەیمانگەی قەیوان بۆ ئەو کاهووە دەگەڕێنێتەوە کە خوێندکارەکان لە سلێمانی کڕیویانە و بەکاریانهێناوە بۆ دروستکردنی زەڵاتە.
ئێستا پێنج لەو 29 خوێندکارەی پەیمانگەی قەیوان کە بەهۆی کاهووەکەوە ژەهراوی بوون لە نەخۆشخانەی شار خەوێندراون و چاودێری دۆخی تەندروستیان دەکرێت. ئەمە بە قسەی سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بێت ک قسەی بۆ 964 کردووە، ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە هۆکاری ژەهراوی بوونی ئەو 30 خوێندکارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە گەشتەکەیاندا بۆ سەیرانگەی دوکان، ئەو خواردنەی لەگەڵ خۆیاندا بردبوویان کە زەڵاتە و بریانی بووە، بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم تیشکی خۆر ماوەتەوە و بەهۆیەوە خواردنەکە تێکچووە و خوێندکارەکانیش پێیان نەزانیوە و لەو خواردنەیان خواردووە.
قایمقامی قەزای دوکان لەسەر رووداوەکە قسەی بۆ 964 کردووە و ئاشکرای دەکات کە دوای پشکنین بۆ خواردنەکانی خوێندکارەکان لەلایەن لیژنەکانی قایمقامی دوکان و مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستی دوکان دەرکەوتووە، ئەو 29 خوێندکارەی پەیمانگای قەیوان هیچ خواردنێکیان لە دوکان نەکڕیوە، بەڵکو لەگەڵ خۆیاندا لە سلێمانیەوە هێناویانە.
دەشڵێت: لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە لە مارکێتێکی سلێمانی کاهوویان کڕیوە و کردویانە بە زەڵاتە، کاهووەکە خراپ بووە و بووەتە هۆکاری ژەهراویبوونیان.
“لەگەڵ ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی قسەمان کردووە، سبەینێ لیژنەکانی ئەوان سەردانی ئەو مارکێتە دەکەن و بەدواداچون دەکەن”. سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان وای وت.
پێشتر سامان نادر، بەرپرسی تیمی فریاگوزاری 122ـی سلێمانی، لەسەر رووداوەکە قسەی بۆ 964 کردبوو، ئەو باسی لەوەکرد کە لەو 30 خوێندکارە تەنیا شەش لەوان بە ئەمبوڵانسی فریاکەوتنەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کرا بوون، ئەوانی دیکە باری تەندروستیان جێگیر بووە و خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی.
بە قسەی سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بێت خوێندکارەکانی دیکە هەر لە نەخۆشخانەی قەزای دوکان چارەسەریان وەرگرتووە خوێندکارەکانی دیکە لە قەزقی دوکان چارەسەریان بۆ کراوە و دۆخی تەندروستیان جێگیرە.