دوو پۆلیسی راپەڕین پارەی دوو کەس دەدۆزنەوە و دەیاندەنەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دوو کارمەندی پۆلیسی راپەڕین، بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار دیناری دوو هاوڵاتیان لە دوو کاتی جیاوازدا لە قەڵادزێ دۆزیوەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کارمەندێکی هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی قەڵادزێ، بە ناوی رەنجدەر عەلی، بڕی 600 هەزار دیناری دۆزیوەتەوە.
‘”دوای بەدواداچوون، دەرکەوت ئەو 600 هەزارە هی ژنێکی بەساڵاچوو بووە و پاش وەرگرتنی موچەکەی لە بەردەم بانکی قەڵادزێ لێی کەوتووە و پارەکەی رادەست کرایەوە،” بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین.
بڕە پارەکەی دیکە کە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار بووە، لەلایەن کارمەندێکی دیکەی پۆلیسی راپەڕین، بە ناوی سدیق محەمەد، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە قەڵادزێ دۆزراوەتەوە.
ئەم بڕە پارەیەیان هی هاوڵاتییەک بووە کە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە و پاش ئەوەی ئاڵوگۆڕی بە دراو کردووە، پارەکەی لێکەوتووە و دواتر پارەکەی رادەستکراوەتەوە.