ژاپۆن لە گوندی چەرمۆ دەکۆڵێتەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی تسوکوبای ژاپۆنی لە چەمچەماڵن بۆ پشکنین لە شوێنەواری گوندی چەرمۆ.

ئەو تیمە لە ساڵی 2017 لە هەمان شوێنەوار گرێبەستی پێنج ساڵەی کارکردنیان هەبووە و دوای تەوابوونی وادەکەش، گرێبەستەکەیان لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمەوە بۆ پێنج ساڵی دیکە نوێکرایەوە.

تیمەکە بە چاودێری و هاوبەشی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی کارەکانی دەکات.

“لە ساڵانی رابردوودا چەندان پارچە شوێنەواریان دۆزیوەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی سلێمانین”، ئەمە وتەی حسێن غەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، تێچووی گەڕان و پشکنین و توێژینەوەی ئەو تیمە لە ئەستۆی زانکۆکەی خۆیانە.

964 دەزانێت، تیمەکە چەندان قاپ و کەوچکی مەڕمەڕیان دۆزیوەتەوە، کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

گوندی چەرمۆ بۆ نزیکەی هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی کشتوکاڵی دادەندرێت لە مێژوودا، کە کەوتووەتە نزیک گوندی کانی ساردی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد