فلکەی ناوبازاری خانەقین وێنە:+964
هێشتا هاوین نەهاتووە خانەقینییەکان تای بێ کارەباییان گرتووە
964+
زینوێ حەسەن
هەموو هاوینێک خانەقینییەکان چاویان لە دەستی ئێرانە بۆ ئەوەی بە کارەبای ئێران خۆیان لە گەرمای هاوین نەجات بدەن.
لە 48 کاتژمێری رابردوو، کارەبای خانەقین وەک ترافیک لایتی لێهاتووە و کاتژمێرێک هەیە و دوان نییە، بە پێچەوانەوەش.
پلەکانی گەرما لە ناوچەی گەرمەسێر بۆ سەرووی 42 پلە بەرزبووەتەوە، هێشتا گەرمای خورماش ماوە کە پلەکانی گەرما لەو کاتەدا دەگاتە 50 پلەش زیاتر.
دلێر سایە، قایمقامی قەزای خانەقین بە 964ـی وت، هەموو ساڵێک لە وەرزی هاوین کێشەی کارەبا سەرهەڵدەدات، هۆکارەکەش وڵاتی ئێرانە کە کارەبای خانەقین لە ئێرانەوە کڕدراوە.
دەشڵێت: کێشەکە بە قسە چارەسەر کراوە، بەڵام نەچۆتە بواری جێبەجێکردن.
هاوڵاتیانی خانەقین، لە ترسی گەرمای خورما هێشتا بەو دۆخەی ئێستا رازین.
محەمەد ئەرکان بە 964 وت، لەبەر پچڕانی کارەبا ناوە بە ناوە، گەرما و مێشولە خەوی لێ زڕاندووین، بەڵام بەم وەزعەش هەر رازین چونکە جارێ هێشتا گەرمای خورما دەستی پێ نەکردووە .
گەرمای خورما، بەو گەرمایە دەگوترێت کە ساتی پێگەیشتنی خورمایە لە پلەی گەرمی 45 بۆ 50 پلە.