بۆ لابردنی تاسەی لاکۆڵانەکان شارەوانی چاوەڕێی تەلەفونی هاوڵاتیانە
964+
فەهمی نەبی
لەچەند گەڕەکێکی هەولێر و سلێمانی شارەوانی هەڵمەتی لابردنی تاسەی لاکۆڵانەکانی دەستپێکردووە، شارەوانی هەردوو پارێزگا دەڵێن ئەگەر هاوڵاتیان سکاڵایان هەیە با پەیوەندی بکەن.
شارەوانی هەولێر و سلێمانی دەڵێن، ئەو تاسانەی لەم چەند رۆژە لابراون بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیان و شۆفێران بووە.
زەردەشت سدیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بۆ 964 دەڵێت، ئێمە لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان تاسەکان لادەبەین، هەر کات هاوڵاتیان تەلەفون بکەن، لەبەشی زیادەڕۆیی تیمەکان دەنێرین و لایدەبەین.
زەردەشت دەڵێت، هەر هاوڵاتیەک سکاڵای هەیە با نامە بنێرێت بۆ پەیجی شارەوانی سلێمانی یان پەیوەندی بە ژمارە 100 بکات، یانیش سەردانی بەشی لابردنی زیادەڕۆیی بکات لە زەرگەتە، یان نوسراوی سکاڵا بهێنێت بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئێمە تاسەکان لادەبەین.
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، هیچ یاسایەک یان رێنماییەک نییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سزا بدات لەسەر دروستکردنی تاسە بەڵام 80%ـی ئەوانەی تاسەکانیان تێکدەدەین دووبارە دروستی ناکەنەوە.
شارەوانی سلێمانی پێیوایە، زۆربەی ئەوانەی ئەو تاسانە دروست دەکەن دوکاندارەکانن، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێڵ لە ئاستی دوکانەکان هێواش بکەنەوە.
لەهەمانکاتدا شارەوانی هەولێر، لە گەڕەکی نەورۆز هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ لابردنی تاسەی لاکۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە، شارەوانیش دەڵێت لەسەر سکاڵای هاوڵاتیانی گەڕەک تاسەکان لابراون.
سیامەند کەریم، وتەبێژی شارەوانی هەولێر بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئێمە لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان تاسەی کۆڵانەکان لادەبەین، ئەگەر هاوڵاتیان وێنەی تاسەکەمان بۆ بگرن و لەگەڵ سكاڵایەک هاوپێچی بکەن، بەدڵنیایی لەلایەن تیمەکان لادەبرێن.
وتەبێژی شارەوانی هەولێر دەڵێت هەر هاوڵاتیەک لەهەر گەڕەکێک سکاڵای هەیە لەسەر هەبوونی ئەو تاسانەی هاوڵاتیان دروستیانکردووە، با سەردانی شارەوانی بکەن و سکاڵاکە پێشکەش بکەن یان پەیوەندی بکەن بە ژمارە (07514146642) بەیانیان تا سەعات سێی ئێوارە وەڵامی هاوڵاتیان دەدرێتەوە.