ئەنغام، تووشی شێرپەنجە بووە؟
+964
پەرستۆ ساڵح – هونەری
بارودۆخی تەندروستی هونەرمەندی میسری ئەنغام، دەبێتە جێگای باسی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پزیشکەکەشی رەتی دەکاتەوە تووشی شێرپەنجە بووبێت.
دەنگۆ و هەواڵی جیاواز دەربارەی خراپی بارودۆخی تەندروستی هونەرمەندی گۆرانیبێژو ئەکتەر ئەنغام، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووەو دەوترێت تووشی شێرپەنجە بووە.
ئەکرەم عەدەوی، پزیشکی تایبەتی هونەرمەند ئەنغام، لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا لەرێگای پەیوەندی دەنگیەوە بۆ پرۆگرامی “كلمة اخيرة” شەوی شەممەی رابردوو ٢٦ـی ئەم مانگە، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هونەرمەند ئەنغام نەخۆش کەوتووەو بۆ ئەمەش سەردانی نەخۆشخانەی کردووە.
زیاتر وتی “دوای چەندین پشکنین بۆمان دەرکەوت کە لە منداڵدانی گرێ بوونی هەیە، بەڵام گرێیەکە پیس نیەو دووچاری شێرپەنجە نەبووەو، باری تەندروستیشی لەژێر کۆنترۆڵ دایە”.
ئەنغام محەمەد عەلی سلێمان، لەدایکبووی ١٩٧٢ لە میسر، دایکی دوو منداڵە و چوار جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، لە رووی هونەریشەوە خاوەنی زیاتر لە ٢٥ ئەلبوم و ٣٥ گۆرانی و کلیپی جیاوازەو، نزیکەی دە جاریش خەڵات وەک باشترین گۆرانیبیژ خەڵات کراوە.
هاوکات موزیکزان، محەمەد عەلی سلێمان باوکی هونەرمەند ئەنغام لەسەر تەندروستی کچەکەی بۆ تەلەفزیۆنی “الحكاية” قسەی کردووەو، دەڵێ؛ تەندروستی کچەکەم باشترە و ئێستا دەتوانێت بجوڵێت و گفتوگۆ بکات.