لە کەرکوک شەڕ لەنێوان دوو دراوسێ روویداوە و بریندار هەیە

964+

کاروان ساڵحی

بەهۆی شەڕی دوو دراوسێ لە گەرەکێکی شاری کەرکوک هەشت کەس بریندار بوون.

شەڕەکە کاتژمێر 8:30ـی ئەمشەو لە گەڕەکی عەمەلە شەعبی شاری کەرکوک روویداوە، شەڕەکەش لەنێوان دوو دراوسێ بووە وەک دەگوترێت خزمی یەکترن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، هەردوولا بە داروبەرد لێکیانداوە و بەهۆیەوە هەشت کەس لە هەردوولا بریندار بوون.

سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، بەهۆی شەڕە بەردوداری نێوان دوو دراوسێ کە خزمی یەکترن هەشت برینداری ئەو شەڕە گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک، بەڵام برینەکانیان قورس نییە.

وتیشی “بەپێ وتەی ئەو پۆلیسانەی بریندارەکانیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە، دەڵێن هۆکاری شەڕەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر رووداوەکە”.

گەڕەکی عەمەلە شەعبی دەکەوێتە خۆرئاوایی کەرکوک و زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق