ئەندامێکی حەشدی شەعبی بە چەک و تفاقەوە دەردەکەوێت. وێنە: 964
بە تەقەی حەشدی شەعبی سەربازێکی عێراقی بریندار بوو
964+
دێسکی کوردی
ئەمڕۆ دوو گروپی سەر بە حەشدی شەعبی لە سەربازگەی کەیوان لە شاری کەرکوک لەسەر رادەستکردنی بینایەکی ناو سەربازگەکە بووەتە شەڕیان و بەهۆیەوە سەربازێکی سوپای عێراق بریندار بووە، بەگوێرەی سەرچاوەیەک بۆ 964.
رووداوەکە نزیک بە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە روویداوە.
چیرۆکەکە بەم جۆرەیە کە هێزێکی حەشدی شەعبی لە کەیوان داوای چۆڵکردنی یەکێک لە بیناکانی ناو سەربازگەکەی کردووە، تاوەکو چۆڵ بکرێت و رادەستی ئەمان بکرێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر بە داواکارییەکە رازی نەبووە و بووەتە شەڕیان و چەکی تێدا بەکارهاتووە.
سەربازگەی کەیوان دەکەوێتە سەر شەقامی فڕۆکەخانەی کەرکوک و سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لەوێ بارەگای تایبەت بە خۆیان هەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمنی تایبەت بۆ تۆڕی 964ی ئاشکراکرد، گروپێکی حەشدی شەعبی سەر بە ئۆپراسیۆنی رۆژهەڵاتی دیجلە بەنیازبووە دەست بەسەر بینایەکی ناو سەربازگاکە بگرێت، کە تایبەتە بە هێزی تایبەتی ئۆپراسیۆنی میحوەری باکوور، ئەو دوو گروپە لایەنەکانی شەڕەکە بوون.
بە وتەی هەمان سەرچاوە، ئێستا سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکوک هاتوونەتە سەر خەت بۆ چارەسەری کێشەکە.