پارێزگای سلێمانی بۆ دەڕاسەکانی راپەڕین: دروێنەی گەنم بکەن بە پارە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، داوا دەکات کرێی دروێنەی گەنم لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بکرێت بە کاتژمێر و دەڕاسەکان بۆ دروێنەکردن لە بری گەنم پارە وەربگرن.

کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە 964ی راگەیاند، نووسراویان ئاڕاستەی ئیدارەی راپەڕین کردووە بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئیدارەی گەرمیان، دروێنەی گەنم بکرێت بە کاتژمێر و نرخەکان هاوتای یەکتربن.

ئێستا زۆربەی شۆفێری دەراسەکان لە ئیدارەی راپەڕین، لە بەرامبەر دروێنەی یەک تانکی گەنمدا، 10 تەنەکە گەنم لە جووتیاران وەردەگرن و کاسترۆ مەعروف دەڵێت، ئەو بڕە زۆر زۆرە.

رۆژی پێنجشەممە، قایمقامیەتی قەزای رانیە چەند بڕیارێکی لە بارەی وەرزی دروێنەی دەغڵودانی جووتیاران دەرکرد و نرخی کارکردنی دەڕاسەکانی بەم شێوەیە دیاریکرد:

1 – دەبێت دەڕاسەی چوار بەلەم بۆ یەک کاتژمێر کارکردن لە نێوان 55 بۆ 65 هەزار دینار وەربگرێت.

2 – دەبێت دەڕاسەی پێنج بەلەم بۆ یەک کاتژمێر کارکردن لە نێوان 65 بۆ 75 هەزار دینار وەربگرێت.

3 – کارکردن بە گەنم، بۆ هەر 100 تەنەکەیەک، بڕی شەش تەنەکە و نیو، کە کێشی هەر تەنەکەیەک 17 کیلۆیە، وەربگیرێت.