گەشتی نێوان هەولێر و جۆرجیا دەستپێدەکاتەوە

964+

فەهمی نەبی

نۆ ساڵە وڵاتی جۆرجیا پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی عێراقی راگرتووە، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو لە هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و هەولێر گەشتەکان دەستپێبکەنەوە.

هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، دوای نۆ ساڵ هاوڵاتیانی عێراقی جگە لە فڕۆکەخانەی بەغدا، دەتوانن لە فڕۆکەخانەی هەولێریشەوە گەشت بۆ کۆماری جۆرجیا بکەن.

ئەم راگەیەنراوە نوێیەی هێڵی ئاسمانی عێراقی دوای ئەوە هات کە هەفتەی پێشوو هەواڵی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان عێراق و جۆرجیا راگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەو گەشتەی بڕیارە ئەنجامبدرێت، لە 8.6.2023 دەبێت، هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەی نوسینگەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی داواکاری ڤیزا بکەن و بلیتی فڕۆکە دەستبخەن.

ئەو هاوڵاتیەی دەیەوێت گەشت بکات، دەبێت پاسپۆرتەکەی لەگەڵ وێنەی رەنگاورەنگ و پسولەی خۆراک پێشکەش بکات، هاوکات رێکاری وەرگرتنی ڤیزا هەفتەیەک زیاتری پێدەچێت.
یەکەمین گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و تبلیسیەی پایتەختی جۆرجیا لە 26.3.2013 بوو، بەڵام ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی چەند کەسێک کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بوون و بۆ گەشت لە جۆرجیا بوون، ئەو وڵاتە پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی عێراقی راگرت.

جۆرجیا دەکەوێتە ناوچەی قەوقاز، لەنێوان ئەوروپا و ئاسیا، پایتەختەکەی شاری تبلیسیە، لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی وەرگرتووە.