خەڵکی گوندێک رێگە بە “عەرەبی هاوردە” نادەن زەوییەکانیان ببەن

+964
کاروان ساڵح – کەرکوک

دانیشتوانی گوندی گورزەیی سەر بە ناحیەی پردێ لە پارێزگای کەرکوک گردبوونەتەوە بۆ رێگرتن لە هەوڵی کەسانێک کە ئەوان بە “عەرەبی هاوردە” ناویان دەبەن و بەنیازبوون بچنە گوندەکەیانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17.5.2023، ئەو کەسانە (عەرەبی هاوردە) ویستوویانە بە پاڵپشتی دادگای بەرایی پردێ، گوندەکە روپێویی بکەن و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو خۆیان دابەش بکەن.

تالیب حەمید دانیشتووی گوندی گورزەیی بە تۆڕی 964ی وت، “کۆبووینەتەوە بۆ رێگرتن لەو هەوڵەی کە عەرەبی هاوردە بەنیازن بە پاڵپشتی دادگا 1400 دۆنم زەوی دابەشبکەن بەسەر خۆیاندا”.

“ئەو عەرەبە هاوردانە خەڵکی ناحیەی رەبیعەی سەر بە پارێزگای نەینەوان، لە سەردەمی رژێمی بەعس زەوییەکانیان کەوتووەتە بەر فڕۆکەخانە و بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان لە گوندی گورزەیی زەوییان پێدراوە بە شێوەی گرێبەست”.

گوندی گورزەیی لە ئێستادا 20 خێزانی تیادایە و سەرجەمیان کوردن.

964 هەوڵیدا لەگەڵ دادگای بەرایی پردێ و لایەنی بەرامبەر قسە بکات، بەڵام بەردەست نەبوون.