ئاکرێ.. ئەو پردانەی لافاو رووخاندنی نۆژەن دەکرێنەوە

964+

زەید کۆچەر – ئاکرێ

ئەو پرد و رێگایانەی ئاکرێ کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتبوو لەسەر داهاتی شارەوانی نۆژەندەکرێنەوە.

بەهۆی لافاوەکەی 12.4.2023، زیانی زۆر بە پرد و رێگاوبانی دەڤەری بادینان کەوت، لەو کاتەوە تا ئێستا شارەوانی دهۆک سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەیانن.

ئەمڕۆ سێشەممە 16.5.2023، دەستکرا بە نۆژنەکردنەوەی پرد و رێگاکانی هەردوو گەڕەکی گەلی عەبدولعەزیز و گەڕەکی ئالەهیێ کە سەرجەم پردەکانی ئەو دوو گەڕەکە کە پێنج پرد بوون بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتبوو.

بەهۆی سەختی رێگاکە، شارەوانی ئاکرێ ناچاربووە بە گوێدرێژ بلۆک و پێویستییەکان بگوازێتەوە و بیگەیەنێت بەو شوێنەی کرێکاران ئیشی تێدا دەکەن.

بڵند رەزا زوبێر، سەرۆک شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەم پێنج پردە لەسەر پێشینەی مانگانەی شارەوانی ئاکرێ نۆژەندەکرێنەوە و گوژمەی 20 بۆ 25 ملیون دیناری بۆ تەرخانکراوە.

دەشڵێت: لەماوەی مانگێکدا تەواو دەکرێن و سەرجەم پردەکان بە شێوازێکی باشتریش دروستدەکرێنەوە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق