سبەینێ کۆتاوادەی پارەدانە

حاجیانی هەرێم فریای ئۆفەرەکەی بەغدا ناکەون

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە بە بە کڕینی دۆلار لە لایەن حاجیانی هەرێمەوە بە نرخی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک، بەڵام حەج و عەمرەی هەرێم دەڵێت فریای ناکەون.

رەزامەندییەکەی بەغدا مەرجی هەیە، کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم ژمارە بانکییەک بە دینار بکاتەوە، بەڵام بەغدا ئەمڕۆ ئەو وەڵامەی داونەتەوە و ئەوانەی لە هەرێمیشەوە دەچن بۆ حەج، تەنیا سبەینێیان لەبەردەستە پارەکانیان بدەن بەو کۆمپانیایانەی گەشتەکەیان بۆ رێکدەخەن.

964 دەزانێت، پشکی هەرێم بۆ حەجی ئەمساڵ چوار هەزار و 600 کەسە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە سێ هەزاریان پارەیان داوە و ئەوانی دیکەش تەنیا سبەینێ چوارشەممە 10.5.2023یان لەبەردەست ماوە.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بە 964ی وت، “ئێمە 20 رۆژ پێش ئێستا داوامان لە بەغدا کرد هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بەو کەسانە بفرۆشێت، کە دەچنە حەج، بەڵام ئەوان ئەمڕۆ وەڵامیان داوینەتەوە”.

هەفتەی رابردوو بەشێک لەوانەی ئەمساڵ گەشتی حەج دەکەن ناڕەزاییان دەربڕی و داوایان کرد دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق پێبفرۆشرێت.

ئەو مەرجەی بەغدا دایناوە کاتی دەوێ و ئەوانەی گەشتی حەجیش دەکەن تەنیا سبەینێیان کات ماوە پارەکەیان بدەن، بۆیە فریاناکەون. شێخ نیاز راغب نەقشبەندی وای وت.