قایمقامی دەربەندیخان: پێوەری زیرەک نابەستین

964+

هێمن بەکر – هەولێر

قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، بارودۆخەکە گونجاو نییە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بەستنی پێوەری زیرەک بدەن، ئەگەرچی ئەوە کراوەتە مەرج بۆ زیادکردنی کارەبای قەزاکەی.

قایمقامیەتی دەربەندیخان داوای کردووە لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سلێمانی، چەند کاتژمێرێک کارەبا بۆ دانیشتووانی قەزاکە زیاد بکەن، بەڵام ئەوان بە بیانوی نەبەستنی پێوەری زیرەک رەتیانکردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا بە خودی قایمقامیان وتووە، ئەگەر پێوەری زیرەک ببەستن، ئەوا رەنگە تاوەکو پێنج کاتژمێر کارەبایان زیاد بکات.

لە ئێستادا لە شەو و رۆژێکدا، تەنیا ١٢ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە لە دەربەندیخان، بە قسەی سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزاکە.

قایمقام بۆ 964+ وتی، “ئێمە خۆمان بەرهەمهێنەری کارۆئاوین و کارەبامان هەیە لە رێگەی بەنداوی دەربەندیخان، داوا دەکەین وەکو چۆن پێترۆ دۆلار هەیە بۆ ئەو شارانەی نەوتیان تیادایە، ئاوەهاش کارەبای زیاترمان پێبدەن”.

پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چووەتە پێشەوە، بە وتەی وەزارەتی کارەبا، ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە و زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٢٠ هەزار  پێوەر بەستراون.