ئەو هونەرمەندەی بەعس نەیتوانی هونەرەکەی “تەعریب”بکات
964+
کاروان ساڵح
نوسەری کورد مەحمود زامدار لە رێوڕەسمێکدا لەشاری هەولێر دەڵێت : بەدرێژایی 83 ساڵ لە تەعریب کردنی شاری کەرکوک زۆربەی سیماکانی کوردیان لەو شارە گۆڕی، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی دەهۆڵ و زوڕناکەی سەڵاح داودە بگۆڕن و لەناوی بەرن.
دەنگێکی پڕاوپڕ لە رەسەنایەتی کوردی، مەقامبێژێکی ناوازە و کەسایەتیێکی خاکی.
ئەو هونەرمەندە زادەی شارێکە کە جگە لە عەلی مەردان و حسێن عەلی سەڵاح داودەشی پێشکەش بە هونەری کوردی کردووە.
سەڵاح داودە کوڕی موحەممەد خدر بارام چاوشە لە ساڵی 1935 لە دایکێکی کەلهوڕی لە ئاوایی ئەلبو سەباح لە خورماتوو لە سنوری پارێزگای کەرکوک لە خێزانێکی هەژار و هونەری لەدایکبووە.
هەرچەندە ئەو بە هەژاری لە دایکبوو بەڵام، ئەوە رێگر نەبوو لە هاتنی بۆ ناو جیهانی هونەری کوردی.
هەر زوو لە هەڕەتی گەنجیدا هەوادارێکی زۆر لەخۆی کۆدەکاتەوە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە ساڵی 1953 بۆ یەکەمجار دەچێتە رادیۆی بەغدا و هەر لەوێ ئاشنای مامۆستا و ئیمپراتۆری مەقامی کوردی عەلی مەردان دەبێت.
لە ساڵی 1957 یەکەم بەرهەم تۆمار دەکات کە مەقامێکی خورشیدی بووە
لەکۆتایی ساڵانی شەستەکان لەگەڵ فایەق و ئەحمەد داودەی برایدا یەکەم تیمی هونەری میللی کوردیی لە کەرکوک پێکدەهێنن.
ساڵی 1964 لەگەڵ حەسیبە شەوکەت ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت.
ئەو بە گۆرانی نایلۆنە برا نایلۆنە توانی زۆرترین گوێگری کوردی لەخۆی کۆبکاتەوە.
سەڵاح داودە لەخەزێنەی هونەری گەرمیان شارەزاییەکی زۆری هەبوو بە تایبەتی لە مەقامەکانی قەتار و خاوکەر و ئەڵا وەیسی و ئای ئای و خورشیدی.
هەروەها شارەزایی باشی هەبوو لە مەقامە شەرقییەکان بەتایبەت حیجاز و سەبا و سێگا و بەیات و نەهاوەند و چوارگا و ئوەفە.
شارەزایی سەڵاح داودە تەنیا لە گۆرانی کوردیدا نەبووە بەڵکو زۆر لێهاتووانە بە تورکمانی گۆرانی دەچڕی و هەوادارێکی زۆری تورکمانی لەخۆی کۆکردبووەوە.
بە کەواو سەڵتە و دەهۆڵ و زوڕنا بەردەوام لە هۆڵ و ئاهەنگی هاوسەرگیری و کوچە و کۆڵان و چایخانە و کۆڕ و کۆبوونەوە هونەرییەکان ئامادە دەبوو.
دوایین بەرهەمی داودە چریکەی گەرمیان بوو بە شێوازێکی نوێ بەرهەمهێنراوە.
نزیکەی نیو سەدە خزمەتی کردوو زیاتر لە 100 بەرهەمی تۆمارکراوی هەیە
باوکی سێ کچ و حەوت کوڕە، کە سەرجەم کوڕەکانی بە دەنگە خۆشەکەیان بەناوبانگن و لەسەر رێچکەی باوکیان بەردەوامن.
لە 8.5.2009 دوای بەشداری کردنی لە کۆنسێرتێک کە لەناوەندی هونەری عەلی مەردان سازکرابوو داودە لەپڕ دۆخی تەندروستی تێکدەچێت و هەر لە هەمان رۆژدا لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.