بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار:  جێگەمان نەماوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار پڕبووە لە نەخۆش و لەکۆی 74 منداڵ کە داخڵ کراون، دەرکەوتووە 34ـیان تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون و لەوێ چارەسەر وەردەگرن.

د. حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا ئەمڕۆ هەینی بە 964ی رایگەیاند، لەئێستادا جێگەی نەخۆش نەماوە، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەخۆش وەردەگرن.

“لەئێستادا بەهۆی زۆری منداڵی تووشبوو،  پزیشک و کارمەندانی بەشی قەڵا لەوپەڕی ماندوبوندان”، د. حارس محەمەد وای وت.

دەشڵێت، ئەنجامی پشکنینی 74 منداڵ کە لە نەخۆشخانەکە خوێندراون، دەریدەخات 34ـیان تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون، بەمەش “نەخۆشخانەکە پڕبووە لە نەخۆش”.

“داوا لە هاوڵاتیان دەکەین تکایە چاودێری منداڵەکەکانتان بکەن، لەکاتی هەستکردن بە نەخۆشی یان هەر نیشانەیەکی سەرئێشە و رشانەوە و سکچوون، راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکەن”، ئیدارەی نەخۆشخانەی قەڵا لە فەیسبوک وا دەڵێت.

نەخۆشخانەکە سوپاسی خێرخوازان دەکات و دەڵێت، “بەبەردەوامی نەیان هێشتوە کەموکورتیمان هەبێت لە دەرمان تاوەکو ئێستا”.