بازاڕی کۆنی زاخۆ دەبوو ئێستا جمەی بێت کەچی هێشتا تەواو نەکراوە

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەو وادەیەی دیاریکرابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆ تێپەڕیوە و هێشتا کارکردن تیایدا بەردەوامە.

دوا وادە بۆ تەواوکردنی بازاڕی کۆنی زاخۆ 23ی نیسان بوو، بەڵام هێشتا %15ی کارەکانی ماوە تەواو بکرێت.

بازاڕەکە لە 150 دوکان پێکدێت، دەکەوێتە سەنتەری شاری زاخۆ، مێژووەکەی بۆ 130ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، وەک لە باسکردنی مێژووی بازاڕەکە هاتووە، لەسەردەمی کۆندا بازاڕی موسوڵمانان جووەکان بووە.

هەدیە محەمەد، سەرپەرشتی پرۆژەکە بە 964ی وت، هۆکاری دواکەوتنی پرۆژەکە زیادکردنی هەندێک بڕگەی نوێ بوو کە پێشتر لەناو پڕۆژەکە نەبوو، وەک دروستکردنی دەستشۆر، دروستکردنی کۆگایەکی ئاو بۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە، نۆژەنکردنەوەی ناوەوەی دوکانەکان، کە لەسەرەتادا لە بەرنامەکە نەبوو.

بە وتەی هەدیە محەمەد، جگە لەو هۆکارانە، باران بارینیش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی پڕۆژەکە دوابکەوێت، بڕیارە پڕۆژەکە لە دوای یەک مانگ تەواو دەبێت و بەڕووی خەڵک و گەشتیاراندا دەکرێتەوە.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی زاخۆ لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی ئەنجامدەدرێت، بڕیارە دوای مانگێکی دیکە پڕۆژەکە دەکرێتەوە.

بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، لە دوکانەکان خواردنی کلتوری، چایخانە و فرۆشتنی جلوبەرگ هەبن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی