لە دوبس سەگەکان ژەهرخوارد دەکرێن

964+

وریا رەسوڵ – دوبس

شارەوانی دوبس دەستیکردووە بە لەناوبردنی سەگە بێلانەکانی قەزاکەی بە رێگەی ژەهرخواردکردن، گوایە سیمای شاریان تێکداوە.

پەیامنێری 964+ چووە شوێنی ژەهرخواردکردنی سەگەکان لە رێگەی دەرزییەوە، بە چاوی خۆی پرۆسەکەی بینیوە.

پرۆسەکە لەلایەن ستافێکی شارەوانی و تەندروستی ئاژەڵ لە قەزاکە بەڕێوەچووە، عەباس فازل، نوێنەری شارەوانی دوبسە، بە 964+ی وت، ئەوان بە رەزامەندی تەندروستی ئاژەڵی کەرکوک ئەو کارەیان کردووە، تەنانەت ژەهرەکەیان لەوێوە بەدەست گەیشتووە.

دکتۆرێکی ئاژەڵان بەناوی محەمەد نازم، دەرزی ژەهرینی لە سەگەکان داوە.

هاوڵاتیانی ئەو قەزایە بۆچوونیان جیاوازە لەبارەی ئەو پرۆسەیە، هەندێک پێیانوایە پێویستە چارەسەرێکی دیکە بۆ سەگە بێلانەکان بدۆزرێتەوە، نەک ژەهرخوارد بکرێن، بەڵام هەندێکی دیکە پشتگیری دەکەن.

سەیف ساڵح، هاوڵاتیەکی دوبسە، بۆ 964+ی باسکرد، “ئەم سەگانە سیمای شاریان ناشرین کردووە، پەلاماری ژن و منداڵمان دەدەن و دەچنە ناو بازاڕەکان، پێویستە لەناوببرێن”.

ئەمە لە کاتێکدایە، رێکخراوەکانی بواری ئاژەڵدۆستی دژی لەناوبردنی سەگەکانن، لەجیاتیدا داوادەکەن بخەسێندرێن و شێڵتەری تایبەتیان بۆ دروستبکرێت.