گرێبەستی خۆبەخشەکانی کۆرۆنا نوێکرایەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

بە بڕیارێک وەزارەتی تەندروستی ھەرێم گرێبەستی 473 خۆبەخشی کۆرۆنای نوێ کردەوە و داوای لە تەندروستی راپەرین کرد 24 ناوی دیکەیان بۆ بنێرێت.

گرێبەستەکان بەم جۆرەیە، (ھەولێر 152 کەس، سلێمانی 125 کەس، دھۆک 114 کەس، ھەڵەبجە 30 کەس، گەرمیان 30 کەس، ڕاپەرین چوار کەس “جگە لە 24 کەسی نوێ” و لە کۆیەش 15 کەس).

سەرجەمی ئەم گرێبەستانە بۆ پەرستارانی زانکۆ و یاریدەدەری سڕکارە، کە لەناوەندەکانی کەرتی تەندروستی کۆرۆنا وەک خۆبەخش کاریانکردبوو، کران بە گرێبەست و بە کرێی رۆژانە بەسەر نەخۆشخانە حکومییەکاندا دابەشکران، ئەمە چوارەمین جارە بۆیان نوێ دەکرێتەوە پاش ئەوەی نزیکەی ساڵێکە نوێ نەکراوەتەوە و شەش مانگیشە بەشێکیان مانیان لە کارەکانیان گرتبوو.

له‌ بارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، شانۆ شێرکۆ کە پەرستارە بە 964ی وت، “لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە ھیچ کام لە پەرستار و یاریدەدەری بێ هۆشکاران ھیچ بڕە پارەیەکیان بە بیانووی بەسەرچوونی گرێبەستەکانیان پێ نەدراوە، ناچار بایکۆتی دەواممان کردبوو”.

موچەی ئەو کارمەندانە، بە کرێی رۆژانە هەژمارکراوە و بۆ یەک رۆژ 18 هەزار دیناری عیراقی دیاریکراوە، ئەگەر هەر کارمەندێک رۆژێکیش پشوو وەربگرێت ئەوا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەژمارناکرێت.

بە وتەی ئەو پەرستارە، گرێبەستەکەیان کە کاتییە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت جگە لەوەی موچەکەیان پەیوەستە بە کرێی رۆژانەوە، ناشتوانن بێ بەرامبەر سودمەندی خواردن و خزمەتگوزاری ئەو نەخۆشخانەیە بن کە کاری تێدا دەکەن.