بەشێک لە باخچەی ساوایانى سلێمانی سێ رۆژ دەواميان راگرت
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
بۆ به‌رگرتن له بڵاونەبوونەوەی پەتای وەرزی و نەخۆشی هەوکردنی په‌رده‌ى مێشک، به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى به‌شێك له باخچه‌ى ساوایانى له سلێمانى ئاره‌زوومه‌ند كردووه، ده‌وام بكه‌ن، یان بیكه‌ن به پشووى فه‌رمى.
ده‌نگۆى داخرانى دوو باخچەی ساوایان لە سلێمانی سەر بە پەروەردەی رۆژهەلات بڵاوبووه‌وه، بەهۆی هەبونی چەند حاڵەتێکی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە لەناو منداڵەکانیان.
تۆڕی 964 بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و مامۆستا دڵشاد عومه‌ر بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە 964ی راگه‌یاند، لەگەڵ تەندروستی سلێمانی قسەیان کردووە ئەمڕۆش لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی ئێراق و تەندروستی هەرێم لەسلێمانی بوون بۆ گەڕان و بەدواداچوون، وتیشی “ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی ئەوانین و تائێستاش ئاگادارنین كه هیچ حاڵەتێکمان هه‌بووبێت”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دەسەڵاتیان داوە بە بەڕێوه‌بەری باخچەکان ئەگەر هەر منداڵێک تا یان پەتای وەرزی یان گومانیان کرد كه هه‌یبێت، بە راوێژ لەگەڵ بنکەی تەندروستی گەڕەکەكه‌یان دەتوانن دەوام رابگرن.
سەبارەت بە راگرتنی باخچەکانی ساوایان مامۆستا تریفە محەمەد، بەڕێوه‌بەری پەروەردەی رۆژهەڵات بە 964ـی وت “لە هەندێک باخچەکانی لای ئێمە پەتای وەرزی لەناو منداڵان هەبووه، بەڵام لیژنەکانی تەندروستی سەردانیان کردوون و هیچ حاڵەتێکی ئەم پەتا تازەیەیان نەبووە”.
باسی ئه‌وه‌شی كرد، لە لایەن زۆربەی بەڕێوه‌بەره‌کانی باخچەکانەوە یاداشتیان پێگەیشتووە كه زۆربەی منداڵەکان نایەنەوە و دایک و باوکانیش نایاننێرنەوە، وتیشی “چونكه حەزەردەکەن لەوەی پەتاكه بگرن، ئێمەش بۆ سەلامەتی و پاراستنی سەرجەم منداڵان لەم نەخۆشیە لە سبەینێوە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەواممان راگرتووە”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن