ناوساجییەکەی تەکیەی حاجی نامیق لە رەمەزاندا بەردەوامە
964+
رێژوان مامە – سلێمانی
تەکیەی حاجی نامیق لە گەڕەکی قەزازەکانی شاری سلێمانییە، لە تەکیەکەدا دوو ژن بە بەردەوامی لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە خواردن دروستدەکەن.
لە رۆژانی ئاسایدا خواردنی جۆراوجۆر پێشکەش بە میوانانی تەکییەکە دەکرێت، بەڵام لە رۆژانی رەمەزاندا لە 8:00ی بەیانی تا کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆ ناوساجی دروستدەکرێت.
حاجی نامیقی تەمەن 69 ساڵ خۆی بەردەوام لە تەکیەکەیەتی و باس لەوە دەکات 23 ساڵە خواردن دروست کردن لە تەکیەکەدا بەردوامی هەیە.
لە تەکیەکەدا لە رۆژانی رەمەزاندا رۆژانە هەزار بۆ هەزار و 500 ناوساجی دروستدەکرێت، ناوساجییەکان بە تێکەڵکردنی میوە و فستق و گوێز تام و بۆنێکی جیاواز و جێژێکی تایبەتی پێ بەخشیەوە.
نائیلە، یەکێکە لەو ژنانەی رۆژانە بە خۆبەخشی ماوەی چوار ساڵە رەمەزانان ناوساجی دروستدەکات، باسی ئەوە دەکات دڵخۆشە بەکارەکەی و لە هەرشوێنێک کاری خێرخوازی هەبێت ئەو دەیکات.
رۆژانە لە تەکیەکەی حاجی نامیقدا نزیکەی 20 ژن بە خۆبەخشی ناوساجی دروست دەکەن و ئێوارە کە تەواو بوون و کارە خێرەکەیان تەواو کرد بەشی خۆشیان دەبەنەوە و دەڕۆنەوە ماڵ.
پێداچوونەوە: توانا نەقی