لە ماوەی سێ ساڵدا

پۆلیسی هەولێر: سێ هەزار سواڵکەرمان دەستگیرکردووە

964+

فەهمی نەبی

پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت لە ماوەی دوو رۆژدا توانیویانە 36 سواڵکەر دەستگیر بکەن، وتەبێژی پۆلیس بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، دەستگیرکردنی سواڵکەران بەردەوامە، لەماوەی سێ ساڵدا توانیومانە سێ هەزار سواڵکەر دەستگیر بکەین.

ئەمڕۆ 31.3.2023 پۆلیسی هەولێر هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو سواڵکەرانەی بڵاوکردەوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ 964 وتی ” لەماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە سێ هەزار سواڵکەرمان دەستگیرکردووە، ئەو هەڵمەتە بەردەوامە، بەڵام دوای 15ی رەمەزان هەڵمەتەکەمان چڕتر دەبێتەوە، چونکە لەو کاتەوە خەڵک زەکات و سەرفیترە دەبەخشێت”.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رەخنەی هەیە لەو مادەیەی کە سزای یاسایی سواڵکەرانی پێدەدرێت دەڵێت: ئێمە بەردەوام سواڵکەران دەستگیردەکەین، بەڵام کێشە گەورەکەمان لەگەڵ دادگایە ئەو مادەیەی کە سواڵکەرەکانی پێ سزا دەدرێت کە هەریەکە لە مادەکانی 390 و 391 سزاکە زۆر سوکە و دوای دەستگیرکردنیان چەند رۆژێک رادەگیرێن، دواتر بەردەدرێن و دووبارە دەگەڕێنەوە سەر هەمان رەفتار.

لەبارەی ئەو گلەییانەی کە لە پرۆسەی دادگاییکردنی سواڵکەران هەیەتی هۆگر عەزیز ئەوەشی وت “زۆرجار ئێمە ئەو سواڵکەرانە دەستگیر دەکەین، دادوەرانی لێکۆڵینەوە کەیسەکانمان لێ وەرناگرن، دەڵێن لەبەر ئەوەی ئەو بابەتانە کەیسی لاوەکین و سزاکەیان ئەوەندە نییە، ئەوەش دەڵێن ئێمە کە سزایان دەدەین دوای راگیرانی ماوەی یاسای دەگەڕێنەوە سەر هەمان کاری پێشوویان”.

وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت سواڵکەرەکان لە تەمەنی جیاوازن، پۆلیسی هەولێر دەڵێت زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی دراوسێ و خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، بەشی زۆریان دانیشتووی هەولێر نین.