لە چەمانكێ پڕۆژەكان دەكرێن

زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ چوار پرۆژەی ئامێدی خەرجدەکرێت

964+

لە ناحیەی چەمانکێ بە بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار بەردی بناغەی دوو پرۆژەی رێگەوبان دانران و دوو پرۆژەی دیکەش کرانەوە.

یەکێک لەو پرۆژانەی کە تەواو بووە، رێگەیەکە لە نێوان ناحیەی چەمانکێ و ئاکرێ، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک دەڵێت، رێگەکە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاتوچۆ.

عەلی تەتەر پارێزگای دهۆک، رۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕی چوار ملیار و 77 ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ ئەو پرۆژانەی، کە ئەمڕۆ بەردی بناغەیان بۆ دانرا و کرانەوە.

پرۆژەکان ئەمانەن:

– دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی چاککردنی رێگەی سەرەکی لە سەنتەری ناحیەی چەمانکێ بە گوژمەی دوو ملیار و 20 ملیۆن دینار.

– دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی ناوخۆیی لە سەنتەری ناحیەی چەمانکێ بە گوژمەی 191 ملیۆن دینار.

– قیرکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی چەم رەبەتکی – بلمەند بە درێژی 8.5 کیلۆمەتر بە گوژمەی یەک ملیار و 738 ملیۆن دینار.

– کردنەوەی پارکێک لە ناوچەی خەبات و پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی ناوخۆیی لە سەنتەری ناحیە بە گوژمەی 126 ملیۆن دینار.

بە وتەی عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، لەکۆی 700 پرۆژە کە ساڵی رابردوو راگەیەندراون، تەنیا 11 دانەیان نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.