چیرۆکی دارە بەتەمەنەکەی دارستانی تاسڵوجە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دارێکی تەمەن 40 بۆ 45 ساڵە لەناو دارستانی تاسڵوجەدایە، دارستان و پاوانی سلێمانی بە بەتەمەنترین داری ناو دارستانەکە دەیناسێنێت و دەڵێت، تائیستا 945 کیلۆگرام دوانەئۆکسیدی کاربۆنی هەڵمژیوە.

دوای ئەوەی چاودێری بەردەوامی دارەکەیان کردووە بەپێی، گەورەیی قەدی دارەکە و تەمەنی دارستانەکە، بۆیان دەرکەوتووە ئەو دارە بەتەمەنترینی ناو دارستانەکەیە و تەمەنی 40 تا 45 ساڵە.

هاوکار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، دارستانەکە 60 هەزار داری تێدایە و ئەو دارە بەتەمەنترینیانە.

بەپێی توێژینەوەی دوو مامۆستای زانکۆ بەتەمەنترینە

هەروەها باسی لەوەش کرد، دوو مامۆستای زانکۆ توێژینەوەیان لەسەر دارستانەکە کردوە و گەیشتونەتە هەمان دەرئەنجام لەسەر ئەو دارە.

دارەکە لەجۆری سنەوبەری زاوێتەیە و قەدەکەی 61 سانتیمەتر پانە، بە وتەی بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی، ئەو دارە ساڵانە بەشی چوار مرۆڤ ئۆکسجین دەبەخشێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر