لەمەودوا رۆژانی هەینی دەتوانن نەخۆش بکەون

964+
عەمار عەزیز – دهۆک

لە داهاتوویەکی نزیکدا، بنکەکانی تەندروستی لە ناحیەکانی شیلادزێ، سەرسنگ و دێرەلووک لە پارێزگای دهۆک بە رۆژانی هەینیش دەکرێنەوە، بە قسەی بەرپرسانی ناوخۆیی دەڤەرەکە.

لە پێنج ساڵی رابردوودا بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، رۆژانی هەینی بنکەکانی تەندروستی لەو ناحیانەدا نەدەکرانەوە.

کاتێک بنکەکان داخرابوون، نەخۆشەکان بۆ هەموو نەخۆشییەکی بچوک و گەورە، دەبوایە لە رۆژانی هەینیدا سەردانی قەزای ئامێدی یان ناو شاری دهۆکیان بکردایە.

دکتۆر ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی قەزای ئامێدی بە 964ی وت، خشتەیەکیان بۆ دەوامی کارمەندانی تەندروستی ئەو بنکانە داناوە و پزیشکی پسپۆڕیان دەستنیشان کردووە، چیتر نەخۆشەکان پێویست ناکات زۆر دووربکەونەوە.

بە وتەی ئەو، هەفتەیەک یان دوو هەفتەی داهاتوو خشتەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.