دوای پێنج رۆژ لە خنکانی

غەواسەکانی بەسڕەش نەیانتوانی تەرمی سامان رزگار بکەن

964+

هونەر فارس- دەربەندیخان

تیمێکی ژێرئاوگەڕ لە بەسڕە بۆ دەرهێنانی تەرمی سامان دەگاتە دەربەندیخان، بەڵام خراپی رەوشی کەشوهەوا نەیهێشت بچنە ناو ئاوەکە.

دوای پێنج رۆژ گەڕان بەدوای گەنجە خنکاوەکەی دەریاچەی دەربەندیخان، هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و بۆ دۆزینەوەی پەنا بۆ تیمی ژێرئاوگەڕی بەسڕە بردراوە.

تیمەکە لە بەسڕەوە گەیشتن و دوو کەسن، دوێنێ ئەوان گەیشتوونەتە قەزای دەربەندیخان.

تیمەکە بڕیار بوو ئەمڕۆ بەدوای تەرمە بێسەروشوێنەکەدا بگەڕێن، بەڵام کەشوهەوا رێگر بوو لەبەردەم گەڕانی تیمەکەدا، بە وتەی سلێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان.

لەبارەی جیاوازی تیمە ژێرئاوگەڕەکەی بەسڕەوە، سلێمان محەمەد وتی: تیمەکە توانای قوڵایی زیاتریان هەیە لە غەواسەکانی هەرێمی کوردستان و کامێرەی ژێرئاویان پێکە بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکەدا.

جێگەی ئاماژەیە، سەرباری هەبوونی تیمی فریاگوزاری و هەموو پێداویستیەک کەچی لەکاتی روودانی رووداوی لەو جۆرەدا پشت بە تیمە خۆبەخشەکان دەبەسترێت وەک لە تیمی حکومی.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق