هەفتەیەکە یەک مریشکی زیندوو پێی نەناوەتە مەخمور

964+

فەهمی نەبی

نزیکەی هەفتەیەکە لە بازگەی قەزای مەخمورەوە رێگە نەدراوە مریشکی زیندوو بهێنرێتە نێو شارەکەوە، قایمقام دەڵێت هۆکارەکەی رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیە.

لەماوەی ساڵی رابردوەوە، دووەمجارە گرفتی هێنانە ژوورەوەی مریشکی زیندوو لەو قەزایە دروست دەبێت.

رزگار ئیسماعیل، قایمقامی مەخمور بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: ئەو گرفتە پەیوەندی بە لایەنی تەندروستی مەخمور هەیە کە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، هەندێک کێشە هەیە لە رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رێگە بە هاتوچۆی هەندێک کەلوپەل نادەن بە تایبەت مریشک، بازگەی مەخمور وەک بازگەی سنووری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

قایمقامی مەخمور لەبارەی چارەسەری ئەو گرفتەوە وتی “خەریکین لەگەڵ پارێزگای نەینەوا ئەو گرفتە چارەسەر دەکەین”.

رزگار ئیسماعیل ئەوەش دەڵێت “جاری پێشوو بە نوسراوێک چارەسەرمان کرد، بەڵام ئەمجارە دەڵێن دەبێت لەرێگەی قیادەی عەمەلیاتەوە نوسراو بکەن”.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 لە بازگەی مەخمور زیاتر لە 12 لایەنی حکومی عێراقی هەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە دەبێت رێنمایی بۆ هەموویان دەربچێت.
عەبدوڵا نەعمان، مریشکفرۆشێکی قەزای مەخمورە، بە 964ی وت ” رۆژێک بەر لە نەورۆز، نەیانهێڵاوە یەک مریشک لە سەیتەرەی مەخمور ئاودیو بێت، مریشکی زیندوو لە مەخمور دەست ناکەوێت، خەڵک ناچارە مریشکی خۆمانە بکڕێت کە هەر دانەیەکی بە 15 بۆ 20 هەزار دینارە”.

قەزای مەخمور بە دووری 65 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر، لەسنوری مادەی 140-ە، سێ ناحیە و 30 گوند لەخۆ دەگرێت.