لە هەولێر
پەرە بە دامەزراندنی سیستەمی وزەی خۆر دەدرێت و 100 ئەندازیار خولێکی راهێنانیان کرد
فەرهاد حەسەن
لە هەولێر، خولێکی فێرکاریی لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنی سیستەمی وزەی خۆر، کۆتایی هات و 100 ئاندازیار تێیدا بەشداربوون.
پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، بە مەبەستی بایەخدان بە گەشەپێدانی گەنجان، دابینکردنی هەلیکار و پاراستنی ژینگە، خولە فێرکاریەکە لەلایەن رێکخراوی ژینگەیی گرین یارد بە هەماهەنگی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، کۆلێژی تەکنەلۆژیا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، ڕێکخراوی خزمەتگوزاری و نووسینگەی ڕێکخستنی ئەندازیاران بەڕێوەچوو.
ئامانجی خولەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و لێهاتوویی ئەندازیاران لە بواری دامەزراندن و بەکارهێنانی سیستەمەکانی ووزەی خۆر بوو، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ لە بوارەکەدا کار بکەن و هاوکاری گەشەپێدانی ووزەی پاک و بەردەوام بکەن.
بڕوانامە بەسەر بەشداربووان دابەشکرا و گرنگی بەهێزکردنی توانا تەکنیکییە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێ و پاک، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی داهاتوویەکی بەردەوام، دووپات کرایەوە.