کۆگا تازەکانی کەلار هەلی کاری باش دەڕەخسێنن

964+

هونەر فارس – گەرمیان

ژمارەیەک بازرگانی گەرمیان هەستاون بە کردنەوەی 72 کۆگای بازرگانی، قایمقامیەتی کەلاریش باس لە رەخساندنی هەلیکار و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شار دەکات بەهۆیەوە.

ئەمڕۆ 15.3.2023 لە تەنیشت عەلوەی نوێ لە گوندی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار، لەسەر ڕووبەری 30 دۆنم زەوی 72 کۆگای نوێی بازرگانی بۆ عەمبارکردنی کاڵا و شتومەک کرایەوە.

زەویەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە و بازگانەکان لەسەر ئەرکی خۆیان بە گوژمەی هەشت ملیار دینار بونیادیانناوە.

هەردی سەرکەوت، وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای کەلار بە 964ی وت: پرۆژەکە هەلیکاری نوێ لە سنورەکە دەڕەخسێنێت، بەهۆی گواستنەوەی کۆگای بازرگانەکان لە ناوشارەوە بۆ دەرەوە کەمتر ڕێگە بە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر دەدرێت  بێتە ناو شارەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بونیادنانی ئەو جۆرە پرۆژانە دەرگایەکی نوێ بە ڕووی بوژانەوە و گەشەپێدانی ئابوری کەلاردا دەکاتەوە.

کۆگاکان سەرجەم کاڵا و شتومەکەکان لەخۆ دەگرێت و بە نەمانیان لە ناوشاردا قەرەباڵغی شار کەمتر دەکاتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی