جوتیارانی راپەڕین پارێزەرە خۆبەخشەکەیان خەڵات دەکەن

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

لەپای هەوڵ و کۆششی، جوتیارانی راپەڕین خەڵاتی رێزلێنانیان بە پارێزەرانی خۆبەخش دا کە لەسەر شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان داکۆکیان کردبوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 14.3.2023، لەبەردەم سایلۆی رانیە، خەڵاتی جوتیارانی راپەڕین بەخشرایە پارێزەرە خۆبەخشەکان.

ئەو پارێزەرانە لەسەر شایستە و پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەكانی 2014و 2015 و 2016 هاتبوونە دەنگ و چەندینجار سەردانی بەغدایان کردبوو.

بەشدار حەسەن، وەکو پارێزەرێکی خۆبەخش و مام فارس سەرکۆی یەکێتی جوتیاران، ئیشیان لەسەر دۆسیەکە کردووە و چەندانجار سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشوو، سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی، وەزیری بازرگانی، وەزیری کشتوکاڵ کۆبوونەتەوە، وەک خۆیان باسی دەکەن سەرجەم سەردانەکانیان لەسەر ئەرکی خۆیان بووە.

بەشدار حەسەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد کە ئەوەی کردوویان ئەرکی سەرشانیان بووە و دەڵێت: ناکرێ رۆڵی وەزیری کشتوکاڵ و سەندیکای جوتیارانی کوردستانیش فەرامۆش بکرێت.

زیاتر وتیشی “دانیشتنمان کردووە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوەڕاست و خواروی عێراق”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق