پێشتر پەیامیان بۆ دەنێرێت و قسەش دەکەن
مۆساد بۆ سەرکردەکانی ئێران “هەموو شتێک لەبارەی ئێوەوە دەزانین”
964+
فەرهاد حەسەن
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ وردەکارییەکانی سەبارەت بە کردنە ئامانجی سەرکردەکانی ئێرانی ئیسرائیل ئاشکراکرد لە نێو شەڕی دژی ئێران بە سەرکردایەتی ئەمریکا کە نزیکەی سێ هەفتەیە بەردەوامە، دهشڵێت، مۆساد پهیام بۆ سهركردهكانی ئێران دهنێرێت و دهڵێت، “هەمو شتێک لەبارەی ئێوەوە دەزانین”.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل راستەوخۆ دەستیان كردوه بە پەیوەندیکردن بە سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێرانەوە، ئەگەر لە ئەگەری دروستبونی ناڕەزایەتییەکان پاشەکشە نەکەن، ئهوا خۆیان و كهسوكاریان دهكرێنه ئامانج.
دەشڵێت، پێداچونەوەیان بە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی نێوان بریکاری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) و فەرماندەیەکی پلە باڵای پۆلیسی ئێران کردوە.
لە تۆمارەکەدا دەنگی بریکارەکەی مۆساد دەبیسترێت کە بە زمانی فارسی قسە دەکات و دەڵێت “دەتوانن گوێم لێبگرن؟ ئێمە هەمو شتێک لەبارەی تۆوە دەزانین، ناوت لە لیستی رەشی ئێمەدایە و هەموو زانیارییەکانمان لەسەر تۆ هەیە”.
فەرماندەی ئێرانی لە وەڵامدا دەڵێت: باشە.
پاشان بریکارەکەی مۆساد دەڵێت “تەلەفۆنم کرد بۆ ئەوەی پێشوەخت ئاگادارتان بکەمەوە لە پێویستی وەستانەوە لە تەنیشت گەلەکەتان، ئەگەر نەتانکرد چارەنوستان وەک چارەنوسی سەرکردەکەتان دەبێت”.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە وەڵامدا وتویهتی، “برام سوێند دەخۆم دوژمنی تۆ نیم، بە دڵنیاییەوە دەمرم، تکایە تەنیا وەرە یارمەتیمان بدە”.
وادیارە ئیسرائیل لە رێگەی ئەو هەڕەشانەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی رژێمی ئێران دەدات، ئەوەش دوای شەپۆلێکی تیرۆرکردن کە بەرپرسانی دیار و دیارترینیان عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشوی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەم دواییانەشدا عەلی لاریجانی کردە ئامانج.
ئەو وردەکاریانە رادەی هاتنە ناوەوەی هەواڵگری ئیسرائیل بۆ ناو رژێمی ئێران ئاشکرا دەکات کە بە راپۆرتەکانی پێشو پشتڕاست کراوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ وردەکارییەکانی تیرۆرکردنی لاریجانی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا، بە هۆی هێرشێکی موشەکییەوە کوژراوە کە بارەگایەکی نهێنی لە جەرگەی تاران کردە ئامانج، ئەوەش دوای زانیاری لەسەر کۆبونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی دیکە.
سەرکردەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەرەتادا رایانگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران زەمینە بۆ رووخاندنی رژێمەکەیان بۆ ئێرانییەکان دەڕەخسێنێت.
هێرشی ئهمریكا و ئیسرائیل له 28ی شوباتی ئهمساڵ بۆ سهر ئێران دهستیپێكرد و عهلی خامنهیی و دهیان سهركردهی سهربازیی و سیاسی كرده ئامانج و دواتریش سوپای پاسدارانی ئێران وهڵامی هێرشهكانی دایهوه و بنكهكانی ئهمریكا و ئیسرائیلی لهناوچهكه كرده ئامانج.