دۆخەکە درێژە دەکێشی
ئەمریکا و ئێران هەوڵەکانی دانوستانیان رەتکردەوە
964+
فەرهاد حەسەن؛
هەریەك لە ئەمریكا و ئێران دەستپێکردنی دانوستانی دیپلۆماسیان رەتکردوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیە وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵیانداوە ناوبژیوان بن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی نێوانیان.
چەند سەرچاوەیەکە ئاگادار بە ئاژانسی (رۆیتەرز)یان رایانگەیاندوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵەکانی هاوپەیمانانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ دەستپێکردنی دانوستانی دیپلۆماسی رەتکردوەتەوە، کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی ئێران کە زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر بە هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی ئەمریکی-ئیسرائیلی دەستیپێکرد.
ئێرانیش، ئەگەری هەر ئاگربەستێکی رەتکردوەتەوە تاوەکو ئەوکاتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتاییان دێت، ئەمەش بەپێی وتەی دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی بۆ رۆیتەرز، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە چەند وڵاتێک هەوڵیانداوە ناوبژیوان بن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی پشتڕاستیکردەوە کە ترەمپ ئەو هەوڵانەی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان رەتکردوەتەوە و سەرنجی لەسەر بەردەوامبونە لە جەنگ بۆ لاوازکردنی زیاتری تواناکانی سەربازی تاران. بەرپرسەکە دەڵێت “ئەو ئێستا ئارەزوی ئەوە ناکات، ئێمەش بێ وەستان لەسەر ئەرکەکانمان بەردەوام دەبین. رەنگە رۆژێک بێت، بەڵام ئێستا نا.”
وڵاتی میسر کە پێش جەنگەکە بەشدار بووە لە ناوبژیوانی، هەوڵیداوە پەیوەندییەکان بکاتەوە، ئەمەش بەپێی وتەی سێ سەرچاوەی ئەمنی و دیپلۆماسی. هەرچەندە وا دەرناکەوێت هەوڵەکان بەرەوپێشچونیان بەدەستهێنابێت، بەڵام بەپێی وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، هەندێک دانبەخۆداگرتنی سەربازییان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە کە لەلایەن ئێرانەوە لێیان دراوە، مسۆگەر کردوە.