عێراق سەردەکەوێت؟

ئێران: بەهۆی شەڕەوە بەشداری مۆندیالی 2026 ناکەین

964+

وریا فەتاح

وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە، ئەگەر زۆرە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری لە جامی جیهانی تۆپی پێی 2026ـی پیاوان نەکات.

ئەحمەد دونیا مالی، وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، “لەو کاتەوەی سەرکردەکەمان تیرۆرکراوە، هیچ پاڵنەرێکمان بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال نەماوە”.

وتیشی، “لە ماوەی هەشت بۆ نۆ مانگی رابردوودا دوو شەڕیان بەسەردا سەپاندین و هەزاران کەس لە گەلەکەمان کوژراون، بۆیە بە دڵنیاییەوە بەم بارودۆخەوە هیچ دەرفەتێکمان نییە بۆ بەشداریکردن”.

هەرچەندە هێشتا بڕیاری کشانەوەی ئێران لە مۆندیال بە شێوەیەکی کۆتایی یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام مەهدی تاج، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئێرانیش ئاماژەی بە بایکۆتکردنی مۆندیال کردووە.

ئێران گەیشتووەتە مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە 11ـی حوزەیران تا 18ـی تەمموزی ئەمساڵ لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت، ئێران لە کۆمەڵەیەکدایە لەگەڵ بەلجیکا، میسر و نیوزلەندا کە بڕیارە یارییەکانی لە ناو خاکی ئەمریکا ئەنجام بدات.

قسەکانی وەزیری وەرزشی ئێران لە کاتێکدایە، کێشەیەکی گەورە بۆ هەڵبژاردەی خانمانی ئێران دروست بووە لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا کە ئێستا لە ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت، دوو یاریزانی نوێی هەڵبژاردەکە داوای مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا کردووە، دوای ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتەکەیان بە “خائین” وەسف کران.

پێشتریش شەش یاریزان و ئەندامێکی تیمی راهێنەرانی خانمان لە ئوسترالیا مانەوە دوای وەرگرتنی ڤیزای مرۆیی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە. لەسەر ئەم پرسەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر ئوسترالیا ڤیزایان پێنەدات، ئەوا ئەو کارە دەکات و ڤیزایان پێدەبەخشێت.

ئەگەر ئێران لە مۆندیال بکشێتەوە، عێراق چانسێکى بەهێزى دەبێت بۆ گەیشتن بە مۆندیال، چونکە ئێستا لە پاشکۆى پاڵاوتنەکانە و پێدەچێت بە دوورکەوتنەوەى ئێران، عێراق جێگاى بگرێتەوە.

مۆندیال و ئەمریکا خەریکە عاجز دەبن و یانەی هەولێریش نا...

مۆندیال و ئەمریکا خەریکە عاجز دەبن و یانەی هەولێریش ناڕەزایی دەردەبڕێت