بەتۆمەتی دزین و فرۆشتنەوەی بڕێکی زۆر ئاڵتون دوو تۆمەتبار دەستگیرکران
لە سلێمانی
دوو ژن بە تۆمەتی دزین و فرۆشتنەوەی ئاڵتوون دەستگیرکران
964+
ئەحمەد مستەفا
پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سلێمانی و نوسینگەی رزگاری، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بڕێکی زۆر ئاڵتوونیان دزی بوو، دواتر فرۆشتبوویان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 10.3.2026 دەڵێ، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نوسینگەی رزگاری سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سکاڵای تۆمارکرد کە بڕێکی زۆر ئاڵتوونی لە ماڵەکەیدا لێ دزراوە.
بڕیاری دادوەر بۆ رووداوەکە وەرگیراو پەراوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراو لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستیپێکرد.
سەرئەنجام توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیربکرێت، هاوکات لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی رزگاری نەهێشتنی تاوانەوە تۆمەتباری دووەم دەستگیرکرا کە ئاڵتوونە دزراوەکانی فرۆشتبوەوە.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەکردووە، هەروەها لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئاڵتونە دزراوەکەو ئەو بڕە پارەیەشدا کە تۆمەتباران ئاڵتونەکەیان پێ فرۆشتبوو.
ئێستا تۆمەتباران (ش، هـ، ح) لە دایکبووی 1980 و (چ، أ، م) لەدایکبووی 1993 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.