فۆڕم بەسەر کرێنشینان دابەشدەکرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
بڕیارە فۆڕمی ئۆنلاین بۆ دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دروستبکرێت، لیژنەیەکی تایبەتمەندیش بۆ ئەوە پێکهێنراوە.
بەرهەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان بە 964ـی وت، لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە قسەیان کردووە و بڕیاردراوە فۆڕمی ئۆنلاین دروستبکرێت بۆ دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سیتەک و زڕگوێز و کەڵەوانان.
ئەو سێ پڕۆژەیە بەیەکەوە چوار هەزار و 920 خێزانی کرێنشین سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون.
“بۆ ئەمە لیژنەیەک دروستکراوە و فۆڕمەکەش دروستکراوە، تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڕیاری لەسەر بدات”. بەرهەم قەرەداغی وای وت، باسی لەوەشکرد، وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێی وتوون، ھەوڵدەدەن لە مانگی داهاتوودا کارکردن لە پڕۆژەکان دەستپێ بکاتەوە.
زیاتر وتیشی “ھەریەکە لە پڕۆژەی سیتەک و زڕگوێز، 58 ملیار دیناری پێویستە بۆ تەواوکردنی، هەرچی پڕۆژەی کەڵەوانانە نزیکەی 28 ملیار دیناری پێویستە”.
964 دەزانێت، ئەو سێ پڕۆژەیە لە ساڵی 2011ـەوە بیناکانیان تەواو بووە و دابەش نەکراون، ئێستا زۆرێک لەیەکەکان ئاژەڵ دەچێتە ناویان و بوونەتە وێرانە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق