بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی شەش بەنداوی نوێ دروستدەکرێت
964+
فەرمان سادق
بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی حکومەتی هەرێم شەش بەنداوی نوێ دروستدەکات کە توانای گلدانەوەی 108 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوەکانی گۆمەسپان، شەوگێڕ، ئاقووبان، نازەنین، بانوی تاڵەبان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر، هەرچی بەنداوی سبنەدووە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وەک فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکردووە.
کۆی ئەو شەش بەنداوە بەیەکەوە 108 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، گەورەترینیان ئەوەی گۆمەسپانە کە 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئەوانی تریش جگە لە بانوی تاڵەبان کە سێ ملیۆنییە، ئەوا چوارەکەی تر هەر یەکەیان دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداوی سەرەکی هەیە و ساڵانە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، دیارترین بەنداوی دوکان، دەربەندیخان و دهۆکە.
جگە لەو شەش بەنداوە، ئەوا 17 بەنداوی دیکە لە جێبەجێکردندان و گەورەترینیان مەنداوەیە لەسەر زێی گەورە و سارتک لەسەر زێی بچووک و بە سەرجەم بەنداوەکان توانای گلدانەوەی 87 ملیۆن و47 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە.