تەمەنی 60 ساڵە

مزگەوتی نالی کەڕووی کردووە و دەستی هیمەتی دەوێ

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە گەڕەکی عەقاری سلێمانی، مزگەوتی نالی دیار و بەرچاوە، تەمەنی 60 ساڵە بەڵام بارتەقای مێژووەکەی و خزمەتکردنی بە مسوڵمانان، خۆی خزمەتی پێویست نەکراوە و مامۆستای مزگەوتەکە دەڵێ، زۆربەی شوێنەکانمان کەڕووی کردووە.

مزگەوتەکە لە چەقی شارە، ئەو ناوچەیە کاسبکار و کرێکارێکی زۆری بۆ دێت، بەوپێیەی دەچن و لە چێشتخانە و خواردەمەنییەکانی ناو گەڕەکەکە نان دەخۆن و خەڵکی خانەخوێش زوو زوو دەچن بۆ نوێژە فەرزەکان.

مامۆستا عەبدولڕەحمان ئەشکەوتانی، مامۆستای ئاینی مزگەوتەکەیە ئەو بە 964ی وت، هیچ داهاتێک لە حساباتی ئەو دوکانانە دابین ناکرێ بۆ مزگەوتەکە کە لەسەر رووبەری مزگەوت و موڵکەکەی دروست کراون، هەمووی دەچێتە خەزێنەی ئەوقاف، بۆ ئەوەی خزمەتی مزگەوتی بکەین و خەرجی خۆمان دابین بکەین، ناچار خۆمان سندوقی خێرمان داناوە.

مزگەوتەکە توالێتەکانی کۆنە، هۆڵی نوێژکردنیشی بۆن دەکات و وەک مامۆستای مزگەوت دەڵێ، بەیانیان دەرگا دەکەنەوە تا ئاڵوگۆڕی هەوا بکات، ئەگینا لەگەڵ داخڵبوون بە شوێنی نوێژکردن بۆنی ناخۆش لە ژوورەکانەوە دێت و پلاستیکی دیوارەکان لاببرێ دەبینرێ کە زۆرینەی شوێن و سوچەکانی کەڕوویان کردووە.

مزگەوتەکە نەخشەی نوێی ئامادەیە بۆ ئەوەی دووبارە بناغەبکرێتەوە، ئەوەی ئێستا پێویستییانە پارە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی مزگەوتەکە دوو مامۆستای ئاینی هەیە و یەک خانووی هەیە، مامۆستاکەی دیکە لەناو مزگەوت دەمێنێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

مزگەوتەکان دەنگی بانگی بەیانی نەدەن بە دەرەوە

مزگەوتەکان دەنگی بانگی بەیانی نەدەن بە دەرەوە