دیمەنێكی دوای تەقینەوەكەی ئیسلام ئاباد
31 كوژراو و 130 بریندار
داعش بەرپرسیارەتیی خۆی لە هێرشەكەی ئیسلام ئاباد راگەیاند
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوە خۆکوژییە راگەیاند، كە دوێنێ حوسیەنییەكی شیعەكانی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم 31 کەس کوژران و 169 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ماڵپەڕی سایت، کە چاودێری چالاکی جیهادییەکان دەکات، بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی رێكخراوەكە، رایگەیاندووە کە هێرشبەرەکە بە پشتنێكی بۆمبڕێژكراو لە نێوان کۆبوونەوەی موسڵمانانی شیعەدا خۆی تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە.
دوێنێ هەینی، دەسەڵاتدارانی ئیسلام ئاباد رایانگەیاند، لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا کە حوسیەنییەكی شیعەکانی لە ناوچەی تەرلای لە جەرگەی ئیسلام ئاباد کردە ئامانج، لانیکەم 31 کەس کوژران و زیاتر لە 130 کەسیش بریندار بوون.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەوەی رایگەیاند، هێرشبەرەکە لە دەروازەی حوسیەنییەكە راگیراوە و خۆی تەقاندووەتەوە، ئەمەش بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.
شێهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئیدانەی هێرشەکەی کرد و سوێندی خوارد کە ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و دادگاییان بکات.
لە ناو زۆرینەی موسڵمانانی پاكستان كە سوننە مەزهەبن، موسڵمانانی شیعە مەزهەب لە نێوان 10 بۆ 15%ی دانیشتوانی پاکستان پێکدەهێنن، لە ماوەی رابردووشدا لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا هێرشیان كراوەتەسەر و کراونەتە ئامانج.
ئیسلام ئاباد پێشتر گرووپە جوداخوازە چەکدارەکانی بەلوچستان (باشوور) و تاڵیبانی پاکستان و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکەی خەیبەر پەختونخوا (باکوور)ی بە بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان وەک بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کردووە.
حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لای خۆیەوە چەندین جار تۆمەتەکانی پاکستانی رەتکردووەتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێکچووە و بەردەوام پێکدادان لە نێوان هێزەکانیان بە درێژایی سنوور روودەدات.