راوێژکارێکی سودانی:

“موچەی فەرمانبەرانی عێراق مسۆگەرە و کێشەی نییە”

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

راوێژکاری دارایی سەرۆکی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە، سەرجەم موچەکانی فەرمانبەران مسۆگەرە و دۆخی دارایی جێگیرە، روونیشیکردەوە، هەر دواکەوتنێک لە پێدانی موچە دەگەڕێتەوە بۆ رێوشوێنی کاتی پەیوەست بە میکانیزمی خەرجکردن و خشتەی دارایی.

مەزهەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “هەر دواکەوتنێکی سنووردار لە پێدانی موچە، مانای بوونی قەیرانی دارایی ناگەیەنێت، هەروەها رەنگدانەوەی کەمیی سەرچاوە یان پێشێلکردنی پابەندبوون نییە، بەڵکو لە رەچاوکردنی رێکارە کاتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەیوەندییان بە میکانیزمەکانی خەرجکردن و بەڕێوەبردنی خشتە داراییەکانەوە هەیە”.

جەختی لەوەش کردەوە کە “موچە و خانەنشینی و دەرماڵەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لە چوارچێوەی دارایی پەسەندکراودا مسۆگەر کراوە”.

راوێژەکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە “دۆخی دارایی جێگیرە و بەڕێوەبردنی نەختینەیی بە شێوەیەک بەردەوام دەبێت کە بەردەوامیی خەرجییە گشتییەکان مسۆگەر بکات و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی بپارێزێت، هاوکات کارکردن بۆ کەمکردنەوەی هەر دواکەوتنێک تا ئەو جێگایەی کە دەتوانرێت، لە چوارچێوەی ئەولەویەتەکانی خەرجی دارایی گشتیدایە”.

مانگی رابردوو حکومەتی عێراق بە درەنگەوە موچەی بەسەر فەرمانبەرانی خۆی دابەش کرد، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و لێکدانەوەی زۆریشی بۆ کرا، سەبارەت بە فەرمانبەرانی کوردستانیش، دوو موچەی مانگەکانی یازدە و دوازدەی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و بۆ ساڵی نوێیش هێشتا هیچیان وەرنەگرتووە.

"هیچ رێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی موچە لە ئارادا نییە"