حکومەتی هەرێمیش لە هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمەکەیدایە
گەنجە ونبووەکەی برادۆست لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کوژراوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
دوای چەندین مانگ لە بێسەروشوێنبوون و چاوەڕوانی، دواجار چارەنووسی ئەو گەنجەی سنووری برادۆست یەکلایی بووەوە کە رووی لە بەرەکانی جەنگی رووسیا کردبوو، مەتین وەهاب، کە وەک چەکدارێک لە ریزەکانی سوپای رووسیادا بەشداریی شەڕی دژی ئۆکرانیای دەکرد، هەواڵی کوژرانی بە فەرمی گەیشتەوە دەستی کەسوکاری.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، بۆ 964 پشتڕاستی کردەوە، ئەمڕۆ لە رێگەی کونسوڵخانەی رووسیاوە ئاگادار کراونەتەوە لە کوژرانی “مەتین وەهاب”.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ خێزانی مەتینیان لەم هەواڵە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بنەماڵەکەی بەهۆی ناڕوونی لە چارەنووسی تەرمەکەی، بڕیاریان داوە تا کاتی گەڕانەوەی تەرمەکەی پرسەی بۆ دانەنێن.
مەتین، کە خەڵکی گوندی “خراوە”ی سەر بە قەزای سیدەکانە، لە 25ـی تەمموزی 2025ەوە پەیوەندیی بە خێزانەکەیەوە پچڕا و بێسەروشوێن بوو، دوای نزیکەی مانگێک لە بێدەنگی، لە سەرەتای مانگی ئابی 2025دا، لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی واتسئەپ کە بۆ کەسوکاری ناردبوو وتی، لە شاری “باخموت”ە (ئەو شارە ئۆکرانییەی کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە) و چووەتە ریزی سوپای رووسیاوە بۆ شەڕکردن.
سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی مەتین، قایمقامی سیدەکان رایگەیاند، هێشتا بە ووردی نازانرێت تەرمەکەی لە کوێیە یان پارێزراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی و پێویست دەدات بۆ ئەوەی ئەگەر تەرمەکەی مابێت، بیگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆی لە کوردستان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر