شارەوانی هەولێر دار واشنتۆن بەرهەمدەهێنێت و نایکڕێت
964+
فەهمی نەبی
لە شەقامی 60 مەتری هەولێر، نزیکەی 800 داری واشنتۆن هەیە و ئەندازەی پارکەکانیش دەڵێت خۆمان داری واشنتۆن بەرهەمدەهێنین و نایکڕین.
ئەمڕۆ 9.3.2023، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد و دەڵێت، ئەو دار واشنتۆنانە هێندە بەرز بونەتەوە هەیانە تا 15 مەتر بەرزە، ناچارین بە ئامێری بەرزکەرەوە پاکبکرێنەوە.
بە وتەی رێبین سەرەتا ئەو دارانە لە شەقامی 60 هەولێر چێندران، بەڵام ئێستا شارەوانی هەولێر نەمامگەی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ پێگەیاندنی داری واشنتۆن.
بە گوێرەی زانیاریەکان بێت، نرخی درەختی واشنتۆن بە مەتر پێوانە دەکرێت، نرخی هەر مەترێکی ئەو دارە لە نێوان 70 بۆ 100 دۆلارە.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەوەش دەڵێت، داری واشنتۆن سەرکەوتوو بووە، چونکە لەگەڵ کەش و هەوای هەولێر دەگونجێت.
درەختی واشنتۆن، بەرگەی کەشوهەوای 50 پلەی گەرمی دەگرێت، هاوکات بەرگەی ساردی تا -10 پلەی سیلیزی دەگرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی ئەو درەختە هەیە، داری واشنتۆن 25 بۆ 30 مەتر بەرز دەبێتەوە، ئەگەر کەشوهەوا گونجاو بێت 80 تا 250 ساڵ دەتوانێت بژیت.