راونران
لە خورماتوو چوار چەکداری داعش ویستیان دزە بکەنە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
درەنگانی شەوی رابردوو، چوار چەکداری داعش لە ناوچەی داودەی سنووری خورماتوو ویستیان دزە بکەنە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام دوای ئاشکرابوونیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەو، راونران.
حەمە چەوری، فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچەکە بە 964ـی راگەیاند، چەکدارەکان قەناسیان پێبووە و لە گوندی “قەڵا” ویستوویانە دزە بکەنە ناو سەنگەرەکان و لەناو بینایەکی کۆندا کە پێشتر هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا بووە، خۆیان جێگیر بکەن.
فەرماندەکەی پێشمەرگە وتیشی: “ئێمە چاودێریمان کردوون و وەدەرمان ناون، دواتر چەکدارەکان بەرەو گوندی ‘شۆرا’ رایانکردووە کە کیلۆمەترێک لە گوندی قەڵاوە دوورە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی خورماتوو لە نێوان سنووری خورماتوو و کفری.”
بەپێی زانیارییەکانی 964، بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە چوونەتە ئەو شوێنەی چەکدارەکانی لێ بینراوە و کێوماڵێکی فراوانیان لە سنوورەکە بۆ دۆزینەوەی شوێنپێی چەکدارەکان دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح